2 مانگ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

كۆڕبەندی فیقهی میزان بۆ پ.د. عەلی قەرەداغی لە توركیا بەڕێوەدەچێت

Image

كۆڕبەندی "فیقهی میزان" لە ئیستەنبوڵ دەستی پێکرد: دیدگایەکی زانستی بۆ هاوسەنگیی گەل و بووژانەوەی

ڕۆژی شەممە، بەرواری 21ی یۆنیۆی 2024، لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیا، چالاکییەکانی كۆڕبەندی زانستیی "فیقهی میزان" لەژێر دروشمی "بەرەو گەلێكی هاوسەنگتر و گەشەسەندووتر" دەستی پێکرد. كۆڕبەندەكە لەلایەن یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان و زانکۆی سوڵتان محەممەد فاتیحی خێرخوازی و وەقفی زانایانی ئیسلام سازدرا و دەستەبژێرێک لە زانایان، توێژەران و ئەکادیمیستان لە وڵاتە جیاوازەکانی عەرەبی و ئیسلامییەوە تیایدا بەشداربوون.

كۆڕبەندەكە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت، لە (٢١-٢٢ی حوزەیران/یۆنیۆ). ئامانج لەم كۆڕبەندە چەسپاندنی چەمکی هاوسەنگییە لە بیر و پراکتیکی ئیسلامیدا، هەروەها گواستنەوەی "فیقهی میزان"ە لە چوارچێوەیەکی تیۆرییەوە بۆ پڕۆگرامێکی کرداری کە لەگەڵ ئاڵنگارییەکانی سەردەمدا تەریب بێت و قەیرانەکانی گەلی ئیسلامی چارەسەر بکات.

 

فیقهی میزان؛ پێویستییەکی شەرعی و شارستانییە

لە وتاری دەستپێك و كردنەوەی كۆڕبەندەكەدا، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، پ. دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، جەختی لەوە کردەوە کە ئەم كۆڕبەندە تاجەگوڵینەی هەوڵێکی زانستی و ڕەسەنی درێژخایەنە کە ئامانجی چەسپاندنی فیقهی میزانە وەک بەرنامەیەكی گشتگیر بۆ ژیان، کە هەردوو لایەنی تیۆری و پراکتیک لە بوارە جیاوازەکاندا، بەیەكەوە گرێ دەدات.

بەرێزیان دووپاتی کردەوە کە لاسەنگی لە هاوکێشە شەرعییەکاندا، چ لە تێگەیشتن لە شەریعەت یان لە واقیعی کردارییدا، بووەتە هۆی دووبەرەکی و پاشەکشەی شارستانی، و هۆشداری دا لە کورتکردنەوە و بەرتەسك كردنەوەی ئایین لە جێبەجێکردنی دروشمە ڕووکەشییەکاندا، بەبێ بەستنەوەی بە ئاوەدانی و بونیادنان و کاری چاکەوە.

 

هەروەها جەختی لەوەش كردەوە کە یەکڕیزی و بووژانەوە و پێشکەوتن تەنها بە گەڕانەوە بۆ ئیسلامی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی هاوکێشە شەرعییە دروستەکان لە بیر و ڕەفتاردا؛ دێتە دی.

 

فیقهی میزان؛ وەڵامێکە بۆ گۆڕانکارییەکانی سەردەم

لە وتارێکی تۆمارکراودا، شێخ محەمەد حەسەن دەدۆ شەنقیتی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، جەختی لە گرنگیی جێبەجێکردنی کرداریی فیقهی میزان کردەوە، بەشێوەیەک کە لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی واقیعی هاوچەرخدا بگونجێت، و بە ئامرازێکی کاریگەری دانا بۆ ڕێکخستنەوەی بیر و ژیان لەسەر بنەما شەرعییە هاوسەنگەکان.

 

تێگەیشتن لە دەقەکان پێویستی بە هاوسەنگیی میتۆدی هەیە

هەروەها پرۆفیسۆر دکتۆر عیسام بەشیر، جێگری سەرۆکی یەکێتیەكە و جێگری سەرۆکی دامەزراوەی ئەمیندارانی ئەقسا، جەختی لەوە کردەوە کە فیقهی میزان بە یەکێک لە گرنگترین ئامڕازە میتۆدییەکان دادەنرێت بۆ تێگەیشتن لە دەقە لاوەکییەکان لە چوارچێوەی دیدگایەکی گشتگیردا، و ئیجتیهادکار (موجتەهید) دەپارێزێت لە لادانی هزری و میتۆدی. داواشی کرد کە میتۆدی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەلی ئیسلام پەیڕەو بکرێت، کە فیقهی میزان لە پێش هەموویانەوەیە.

 

نەبوونی هاوسەنگی؛ هۆکاری پاشەکشەی شارستانییە

لای خۆیەوە، مامۆستا عەبدولوەهاب ئیکینجی، یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، جەختی کردەوە کە واقیعی ئیسلامی بەدەست نەبوونی هاوسەنگی لە بیر و کرداردا دەناڵێنێت، و دووپاتی کردەوە کە ئەم لاسەنگییە یەکێک بووە لە هۆکارەکانی پاشەکشەی شارستانی و کۆنفرانسەکە هەوڵدەدات بۆشاییەکی گەورەی فیقهی لەم بوارە گرنگەدا پڕ بکاتەوە.

 

قەیرانی گەل، قەیرانی میتۆدە

لە وتارەکەیدا، دکتۆر عەبدولمەجید عەکروت، سەرۆکی لیژنەی ئامادەکاری كۆڕبەندەكە، ڕوونی کردەوە کە كۆڕبەندەكە هەوڵێکی زانستیی جددییە بۆ ژیاندنەوەی فیقهی میزان. وتیشی کە هاوسەنگی ڕێگایە بۆ تێگەیشتنی دروست و بووژانەوەی کۆمەڵایەتی، کە ئەویش تەنها لەسەر بنەمای زانستێکی قووڵ و تێڕوانینێکی گشتگیر بونیاد دەنرێت.

 

تەوەرەکانی كۆڕبەندەكە: هاوسەنگی لە بیر و جێبەجێکردندا

كۆڕبەندەكە لە دانیشتنە زانستییەکانیدا پێنج تەوری سەرەکی تاوتوێ دەکات، کە ئەوانیش بریتین لە:

فیقهی میزان لە کەلەپووری ئیسلامی و بنەما تیۆرییەکانیدا.

هۆکارەکانی لاسەنگیی هاوکێشەکان لە سەردەمی نوێدا.

کاریگەریی هاوسەنگی لەسەر گوتاری بانگخوازی و هزری.

جێبەجێکردنەکانی فیقهی میزان لە فیقهی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا.

نموونەی هاوچەرخ بۆ ژیاندنەوەی ئەم فیقهـە لە چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکاندا.

 

ڕێکخەران هیوادارن كۆڕبەندە ببێتە هۆی دووبارە بونیادنانەوەی هۆشیاریی شەرعی لەسەر بنەمای هاوسەنگی و میانڕەوی و پێشکەشکردنی وەڵامی کرداری بۆ ئاڵنگارییەکانی سەردەم، بە وەرگرتنی ئیلهام لە ڕۆحی ئیسلام و مەبەستە باڵاکانیەوە.

Image Image Image

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی