جەنابی سەرۆکی مۆریتانیا، بەڕێز محەمەد ولد غەزوانی، ڕۆژی هەینی، بەرامبەر بە ٢٥ی پێنجی ٢٠٢٥؛ پێشوازی لە سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، پڕۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، و جێگرەکەی شێخی پایەبەرز محەمەد حەسەن ولد دەدۆ، و شاندی یاوەریان کرد و دیدارێکی فەرمیی پڕ ناوەڕۆک و بەرهەمداریان بەیەکەوە هەبوو.
قەرەداغی گفتوگۆی دیدارەکەی بە پێشکەشکردنی شیکردنەوەیەکی ورد دەربارەی یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان دەستپێکرد، تیایدا باسی لە ئامانجەکان و پەیام و لقەکانی یەکێتییەکەی کرد کە بە جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، سەرەڕای ئەو کۆمەڵە زانستیانەی کە لەژێر چەتری یەکێتییەکەدان، و ژمارەی ئەو گەورە زانایانەی کە ئەندامن تیایدا.
شایەنی باسە سەرۆکی مۆریتانیا سەرسامییەکی زۆری خۆی بەم شیکردنەوەیە دەربڕی، و ستایشی ڕۆڵی یەکێتییەکەی کرد لە خزمەتکردنی پرسەکانی گەلدا.
هەروەها پ.د. عەلی قەرەداغی پێشنیازێکی کردەیی (پراکتیکی) پێشکەش کرد بۆ دەرکردنی قەواڵەی ئیسلامی (صکوک) بۆ دابینکردنی سهرمایهی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و گەشەپێدان، لەوانە پڕۆژەیەک بۆ دروستکردنی ١٠ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون. هەروەها بەڕێزیان بیرۆکەی "تەمویلی کۆمەڵایەتیی تێکەڵاو"ی خستەڕوو، کە داوا دەکات هەموو بانکەکان ١٠%ی پارەکانیان تەرخان بکەن بۆ دابینکردنی سهرمایهی پڕۆژە خاوەن ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکان، لەگەڵ کەمکردنەوەی پەراوێزی قازانج بۆ نزیکەی ٣% لەبری ٥%. ئەمەش وەک پشتیوانییەک بۆ توێژە کەم دەرامەتەکان، لای خۆیەوە پڕۆژەکەش بووە جێی پێشوازی و سەرسامیی سەرۆک.
هاوکات سەرۆکی مۆریتانیا پێزانینی قووڵی خۆی دەربڕی بۆ هەوڵە زانستییەکانی پ.د. عەلی قەرەداغی و بیرۆکە ئابوورییەکانی، هەروەها بۆ ئەو هەوڵە گەورانەی کە یەکێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان دەیدات.
دیدارەکە بێ بەش نەبوو لە باسکردنی دوا پێشهاتەکانی دۆزی فەڵەستین، کە تێیدا قەرەداغی داوای لە سەرۆکی مۆریتانیا کرد فشاری نێودەوڵەتی چڕبکاتەوە بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژیی زایۆنی بۆ سەر غەززە، هاوکات ستایشی ئەو هاوپشتییە بەهێزەی کرد کە مۆریتانییەکان نیشانیانداوە بۆ پشتیوانیکردنی غەززە، و دەستکردنیان بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتی، لەپێناو گەلی فەڵەستین.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان