(الوجیز في فقه المیزان وقضایاها المعاصرة وفق فقه المیزان)، كتێبێكی گرنگ و بەپێزی پ.د. عەلی محێدین قەرادەغییە كە تایبەتە بە پرسەكانی زەكات و تیایدا نووسەرەكەی بە پشت بەستن بە دوا بڕیاری كۆبوونەوە و كۆنگرە نێودەوڵەتییەكانی چەند ساڵی ڕابردوو، بۆچوون و حوكمی پەسەندكراوی زۆرینە لەبارەی زۆربەی پرسەكانی زەكاتەوە دەخاتە ڕوو.
كتێبەكە لە پێنج بەشی سەرەكی پێكدێت، كە نووسەر لە یەكەم بەشدا زەكات لە باج جیا دەكاتەوە؛ ئەویش لەڕێی ناساندی هەر یەك لەو دوو دەستەواژەیە لەڕووی زمانەوانی و واتاوە و دیاریكردنی جیاوازییە بنەڕەتییەكانیان. لە هەمان بەشدا د. عەلی قەرەداغی ئاماژە دەدات بە ئیعجازی زانستی و ئابووریی لە هەڵبژاردنی وشەی زەكاتدا، هەروەها ئامانجە سەرەكییەكانی زەكات ڕوون دەكاتەوە.
لە بەشی دووەمدا، نووسەر سەرنج دەخاتە سەر پایەكانی زەكات (زەكات دەر و زەكات پێدراو و زەكات لێ دەرهێنراو) و پاشان ئاماژە بە حوكمەكانیان دەدات.
سێیەم بەشی كتێبەكە، تایبەتە بەو سامانانەی كە زەكاتیان دەكەوێت و بە وردی باس لە هەر یەكێكیان دەكرێت، وەك (مەروماڵات و بەروبوومی كشتوكاڵی و زەویی بەكرێگیراو و زێڕ و كارگە.. هتد).
لە چوارەم بەشدا، نووسەر بە وردی باسی هەر یەكێك لەو لایەنانە دەكات كە زەكاتیان پێ دەشێت و لە قورئانی پیرۆزدا بە چەند وشەیەك ناسێنراون، وەك (المؤلفة قلوبهم، الغارمین علیها.. هتد).
د. عەلی قەرەداغی، كۆتا بەشی كتێبەكەی تایبەت كردووە بەو نوێكارییانەی كە پرسی زەكات دەگرنەوە و ئاماژە دەدات بە دەستەواژەكانی پرسی زەكات و زەكاتی كۆمپانیا و پشكەكان و مووچەی خانەنشینان و قەرز و سندوقی وەبەرهێنان. هەروەها ئەو نوێكارییانە دەردەخات كە لە خەرج كردنی زەكاتدا هەن، وەك زەكات بەخشین بە كەسایەتیی كاریگەر و میدیا ئیسلامییەكان و پڕۆژەی چاودێری كردنی تازە مسوڵمانبووەكان و زۆر بابەتی سەردەمیی تر.
كۆتا پەڕەكانی كتێبەكە، ڕێبەرێكی چڕ و پڕی هەڵگرتووە لەسەر چۆنیەتی هەڵسەنگاندنی زەكاتی كۆمپانیاكان، ئەویش بە پشت بەستن بە دوا بڕیار و فەتوای كۆنگرە و كۆبوونەوە جیهانییەكانی زانایانی ئیسلام.
وردەكاریی سەرەكی لەبارەی كتێبەكەوە، ئەمانە دەگرێتەوە:
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان