لە کەرکوک و لە مەڕاسیمێكی بێ وێنەدا، لقی کەرکوکی ڕێکخراوی ڕابیتەی مرۆیی، بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی وەقفی سوننی کەرکوک؛ کۆڕێکی زانستی بۆ کتێبی (فیقهی میزان) لە نووسینی پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی ساز كرد.
كۆڕەكە تایبەت بوو بە مامۆستایانی ئایینی شاری کەرکوک، كە لە هۆڵی بەڕێوبەرایەتییەکە سازكرا و تیایدا بەڕێز مامۆستا (سالم مەجید) بەڕێوەبەری وەقفی سوننی کەرکوک، وتەی بەخێرهاتنی پێشكەش بە ئامادەبوان كرد و سوپاس پێزانینی دەربڕی لەئاست گرنگیدانی ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی بەم جۆرە چالاكییانە. هەروەك چۆن ئەم خزمەتەی پێشكەش بە زانایانی ئایینی شاری کەرکوکی دەكەن، یەكێكی ترە لە هەوڵە جوانەکانی ئەم رێکخراوە كوردییە.
هاوكات بەڕێز ئەندازیار (حسێن نجم الدين ڕەسوڵ) سەرۆکی دەستەی کارگێڕی باڵای ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی، لە وتارێكدا کورتەیەکی لە کار و چالاکییەکانی ڕێكخراوەكە بۆ ئامادەبووان خستە ڕوو.
شایانی باسە بە لە وتارێکی ڤیدیۆییدا، پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی محێدین قەرەداغی، دامەزرێنەری ڕێكخراوی ڕابیتەی مرۆیی و نووسەری كتێبی (فیقهی میزان)، باسی لە گرنگی کتێبی فیقهی میزان كرد و چەند ڕوونكردنەوەیەكی گرنگی لەسەری پێشکەش کرد.
دواجار لەكۆتایی كۆڕەكەدا، کتێبی فیقهی میزان بەسەر تەواوی بەشداربوواندا دابەشکرا.
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان