1 ساڵ لەمەوبەر لە لایەن ئەدمین

"ڕەحمەتی بەخشراو".. یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان، هەڵمەتێكی جیهانی دەستپێدەكات لەپێناو ناساندنی بنەماكانی پێغەمبەری ڕەحمەت ﷺ و بەزەییی و ڕزگاردكردنی مرۆڤایەتی

Image

خستنەڕووی هەڵمەتێكی جیهانی لەپێناو ناساندنی بنەماكانی پێغەمبەری ڕەحمەت و بەزەیی بۆ هەموو جیهانییان، هەروەها لەپێناو ڕزگاركردنی مرۆڤایەتی، لەژێر دروشمی "ڕەحمەتی بەخشراو".

 

بەناوی خودای دلۆڤان و بەبەزەیی

سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهانییان، سەڵات و سەلام لەسەر نێردراوی بە ڕەحمەت بۆ هەموو جیهانییان، هەروەها لەسەر تەواوی خاو و خێزان و هاوەڵانی و ئەوانەی هەتا ڕۆژی دوایی شوێن ڕێنمووییەكانی دەكەون. دواتر:

 

لە قاڵبدان:

بەناوی یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمانەوە، ڕوو دەكەینە وەزارەتەكانی ئەوقاف و كاروبارە ئیسلامییەكان و تەواوی زانا خواناسەكان، پاشان هەموو ئەو سروشت ساغانەی هەست بەو گرفتانە دەكەن كە دووچار بە مرۆڤایەتی هاتووە، لە بێ باوەڕی و، ناسەقامگیری بنەما و یاسا مرۆییەكان و، كار كردن لە دژی سروشتی ساغی مرۆڤەكان و تێكدانی خێزان، كە تێكڕا ئاماژەن -بەپێی سوننەتەكانی خوای گەورە- بۆ خراپەیەكی ئێجگار زۆر و بێسەروبەرییەكی ڕووخێنەر و ڕێ خۆشكەرە بۆ تێكچوون و جەنگی وێرانكەری شارستانییە هەڵكەوتووەكان.

لەم دۆخەدا، بیرمەندانی جیهان تێكڕا هەست بە كەلێنێكی تەواو دەكەن، بگرە هەست بەوە دەكرێت یاسا و ڕێساكانی دارستان شوێنی یاسا ئاسمانییە حەقەكان و یاسا مرۆییەكانی گرتۆتەوە.

ئەم كەلێنەش تەنها بە كتێبە پارێزراوەكەی خوا پڕ دەكرێتەوە، كە هیچ ناڕواییەكی تێدانییە و لەلایەن زاتێكی بەرزەوە دابەزێنراوە. هەروەك چۆن ئەو بنەمایانەش تەنها لەڕێی پێغەمبەری نازدار و بە ڕەحمەت نێردراو بۆ جیهانییان جێبەجێ كراوە.

لە جیهانێكدا كە پەیوەندی و كرانەوەی نێو گەلانی لە زیاد بوونێكی بەرچاودایە، زۆر گرنگە هەڵمەتێكی گشتگیر بخرێتە گەڕ بۆ ناساندنی كەسایەتی پێغەمبەر موحەمەد و ژیاننامە بۆندارەكەی. بەجۆرێك ئامانجی بریتی بێت لە تیشك خستنە سەر لایەنە مرۆیی و ئەخلاقییەكانی پێغەمبەری ڕەحمەت و ڕوون كردنەوەی ڕۆڵی گرنگی لە بڵاو كردنەوەی فێركارییەكانی دادپەروەری و ڕەحمەت و بەزەیی و ئاشتی.

چالاكییەكانی ئەم هەڵمەتە، ڕۆژی چوارشەممەی 1ی ربیع الأول 1446 ك، بەرامبەر بە 4ی سێپتەمبەری 2024ز دەستی پێ كردووە، بەردەوام دەبێت هەتا 22ی ربیع الأول 1446ك، بەرامبەر بە 25ی سێپتەمبەری 2024ز.

 

ئامانجەكان:

  1. هۆشیاركردنەوەی جیهانی: ناساندنی گەل و جیهان بە بنەما مەزنەكانی وەك كەرامەتی (شكۆی) مرۆڤ و ئازادی و مافەكانی، هەروەها بە بەها بەرزەكانی سەردارمان موحەمەد لە لایەنە مرۆیی و ئەخلاقی و پەروەردەیی و بانگەوازییەكاندا، هەروەها كاركردن لەسەر جێبەجێ كردنیان لە لایەنە جیاوازەكانی ژیاندا.
  2. بڵاو كردنەوەی زانیاریی ورد و متمانەپێكراو لەبارەی ژیانی پێغەمبەر و فێركارییەكانی، ئەمەش لەپێناو ڕاست كردنەوەی بۆچوونە چەوتە بەربڵاوەكان لە هەندێ ناوەنددا و، كردنیان بە نمونە بۆ ئەخلاق و هەڵسوكەوت.
  3. بونیادنانی پردی لەیەك تێگەیشتن و خۆشەویستی لەنێوان مسوڵمانان و ئەوانەی لەپێناو خێر و باشیدا دەژیین، لە ڕۆشنبیران و خاوەن ئایینە ئاسمانییەكانی تر.
  4. پەیوەندی بەستن لەگەڵ گەنجان: بەكارهێنانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و  پێگە ئەلیكترۆنییەكان لەپێناو گەیشتن بە نەوەی گەنجان و ناساندنیان بە پێغەمبەر موحەمەد بە زمانێكی سەردەمی وا كە لەگەڵ حەزەكانیان بگونجێت.

 

ناوەڕۆكی هەڵمەتەكە:

بەڕێزانی زانایان ئازادیی تەواویان هەیە لە باسكردنی تەواوی لایەنە جیاوازەكانی ژیاننامەی پێغەمبەر، لەگەڵ سەرنج خستنە سەر ئەم ڕەهەندانەی خوارەوە:

بنەماكانی دادپەروەری و چاكەكاری:-

  1. ڕەحمەت بۆ جیهانییان: باس كردنی ئەو هەڵوێستانەی ڕەحمەت و بەزەیی پێغەمبەر تیایاندا دەركەوتووە، نەك تەنها بۆ مسوڵمانان، بەڵكو بۆ هەموو مرۆڤایەتی بە گشتی و ئاژەڵان و ژینگە. وەك لە فەرمایشتە پیرۆزەكەی خوادا هاتووە: [وَمَا أَرْسَلْنَاكَ إِلَّا رَحْمَةً لِّلْعَالَمِينَ].
  2. سپاردەپارێزی و ڕاستگۆیی: نیشاندانی چیرۆكگەلێك لە ژیانی پێغەمبەر كە ڕاستگۆیی و سپاردەپارێزیی ئەو زاتە دەربخەن لەكاتی مامەڵە كردنی لەگەڵ مسوڵمانان و نامسوڵمانانیش.
  3. بنەمای دادپەروەری: تیشك خستنە سەر هەڵوێستەكانی پێغەمبەر لە جێگیر كردنی بنەماكانی دادپەروەری لە هەموو بارودۆخێكدا.
  4. خاكی بوون: نیشاندانی ژیانی پێغەمبەر وەك پێشەنگێك لە سادەیی و خاكی بووندا، لە تێكەڵ بوونی بە خەڵكی و چاك مامەڵە كردن لەگەڵیان و نەرمی نواندن بەرامبەریان.
  5. ڕەوشت بەرزی: تیشك خستنە سەر فەرمایشتەكەی خوای گەورە: [وَإِنَّكَ لَعَلَىٰ خُلُقٍ عَظِيمٍ] و، پێشكەش كردنی چیرۆكگەلێك لە ژیانیدا كە نیشاندەری ڕەوشتبەرزی بن لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكاندا.
  6. ئارامگری و خۆڕاگری: نیشاندانی چۆنیەتی بەرجەستە كردنی ئارامگری و خۆڕاگری لەلایەن پێغەمبەرەوە لەكاتی ڕووبەڕوو بوونەوەی ئاڵنگارییەكانی بانگەواز و، دامەزران لەسەر بنەماكانی باوەڕ و جوان گومان بردن بە خوای گەورە و پایەدار.

 

بەشداربوان:

دامەزراوەكان و ڕێكخراوەكان و كۆمەڵە زانستییەكان، زانایان و بانگخوازان و وتاربێژان و مامۆستایان، هەروەها ئامڕازە ڕاگەیاندنە ئامانجدارەكان بە هەموو جۆرەكانیانەوە (بینراو و بیستراو و نووسراو).

هەربۆیە بانگەشە و بانگەواز دەكەین لە وەزارەتەكانی ئەوقاف و كاروبارە ئیسلامییەكان لە وڵاتە ئیسلامییەكاندا، هەروەها داوا دەكەین لە ڕێكخراوە زانستی و بانگخوازییەكان و كۆمەڵەكان و دامەزراوە و دەستە ئیسلامییەكان، كە بێن بەدەم ئەم هەڵمەتەوە و وتاربێژان ئاڕاستە بكەن بۆ هەڵگرتنی ئەم پڕۆژەیە لە وتارەكانیاندا. هەروەها داوا لە هەموو زانایان و بیرمەندان و مامۆستایان و گەنجان و دامەزراوە و تاكەكان دەكەین، كە یەك ڕیز بن لە پشتیوانی كردنی ئەم هەڵمەتە پیرۆزەدا و هاوكار بن لە بڵاوكردنەوەی زانیاریی دروست و بیری بێگەرد كە پەیامی پێغەمبەر لە لێبوردەیی و خۆشەویستی و دادپەروەریدا بەرجەستە دەكات، لەڕێی ئەم ئامڕازانەوە:

  1. نووسینی وتار و دەقی ناساندنی پێغەمبەر بە زمانە جیاوازەكان.
  2. بڵاوكردنەوەی وتەی كاریگەر سەبارەت بە پێغەمبەر و فەرموودە پیرۆزەكانی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا.
  3. بەرهەم هێنانی ڤیدیۆی هۆشیاركەرەوە و تۆماركردنی وتەی زانایانی مسوڵمان و نامسوڵمان لەبارەی پێغەمبەرەوە .
  4. بڵاو كردنەوەی بابەتی تایبەت بە ڕاگەیاندن لەسەر پەڕە و پێگەكان بە زمانە جیاوازەكان.
  5. بەكارهێنانی پێگە جیاوازەكانی ڕاگەیاندن لەپێناو بڵاوكردنەوەی كتێبی تایبەت بە ژیاننامەی پێغەمبەر .
  6. تایبەت كردنی وتاری هەینی لەماوەی ئەم هەڵمەتەدا، بە ناساندنی پێغەمبەر و پەیامەكەی.
  7. پەخش كردنی زنجیرەی تایبەت بە ناساندنی پێغەمبەر لە پەخشە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكاندا، بۆ وەڵامدانەوەی ئەو گومانانەی لەبارەی پێغەمبەری ئازیزەوە وروژێنراون.
  8. ڕێكخستنی چالاكی ڕاستەوخۆ و لەڕێی زوومەوە بۆ زیندوو كردنەوەی بۆنەكە و بەشداری كردن لە هەڵمەتەكەدا بە هەر ڕێگایەك كە گونجاو بێتە بەر چاو.

تكا دەكەین ئەمانە بە هەموو زمانە زیندووەكانی جیهان ئەنجام بدرێن.

لەكۆتاییدا، سوپاس و پێزانینی گەورەی خۆمان ئاڕاستەی هەموو ئەوانە دەكەین كە كار دەكەن بۆ سەرگرتنی ئەم هەڵمەتە و داوا لە خوای بەرز و باڵادەستیش دەكەین منەت بەكات بەسەر ئەم گەلەدا بە گەڕاندنەوەیان بۆ ئایینەكەیان و دەست گرتنیان بە كتێبەكەی خواوە، هەروەها بە یەكخستنی وتەیان و سەرخستنیان بەسەر دوژمنەكانیاندا.

سوپاس و ستایش بۆ پەروەرێنی جیهانییان

یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان

 

 

 

سەرنجەکان

Image

کۆمێنتێک بەجێبهێڵە

دەربارەی ئێمە

سلێمانی، مامۆستایان نزیک تەلەفزیۆنی پەروەردەیی

draliqaradaghi@gmail.com

هەواڵنامە

ئیمەیڵەکەت لە خوارەوە بنووسە بۆ ئەوەی ئاگاداری بڵاوکراوە و بەشێک لە چالاکییەکانی پڕۆفیسۆر د.عەلی بیت.

© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی