یەكێتیی جیهانیی زانایانی مسوڵمان: شەهید بوونی سەركردە "ئیسماعیل هەنیە" تاوانێكی نوێی زایۆنییە و جەخت لە دڕندەیی داگیركار دەكاتەوه و پێویستی بە وەڵامی توندی نێودەوڵەتییە.
[وَلَا تَحْسَبَنَّ الَّذِينَ قُتِلُوا فِي سَبِيلِ اللَّهِ أَمْوَاتًا بَلْ أَحْيَاءٌ عِنْدَ رَبِّهِمْ يُرْزَقُونَ] (آل عمران: 169).
بە دڵێكی ڕازی بە قەزا و قەدەری خوا و پڕ لە خەم و پەژارە بۆ حاڵی گەلەكەمان، هەروەها بە تووڕەییەكی زۆرەوە كە لە سینەماندا بەرامبەر بە تاوانبارانی زایۆنی تاو دەدات.
هەواڵی دڵتەزێنی شەهید بوونی سەركردەی موجاهید و تێكۆشەر (ئیسماعیل هەنیە) و پاسەوانە تایبەتەكەی دەگوازینەوە بۆ گەلی ئیسلامی و عەرەبی و شەرەفمەندانی سەرتاسەری جیهان. كە دەوڵەتی داگیركاری زایۆنیی تاوانبار لە ئۆپەڕاسیۆنێكی ستەمكاری ترسنۆكانەدا ئەنجامی دا.
دەستی زۆرداری و خیانەت درێژ بوو هەتا هێما و نیشانەیەكی بەرخۆدان و خۆڕاگری لەناو ببات، ئەو پیاوەی هەموو ژیانی خۆی و خانەوادەكەی كردە فیدای پشتیوانی كردن لە مافە ڕەواكانی گەل و نیشتمانەكەی. ئەو پیاوەی چۆكی بۆ ستەم دانەدا و نەبەزێنرا. شەهید ئیسماعیل هەنیە نمونەی سەركردایەتی بوێرانە و دانایانە بوو، دەنگێك بوو بۆ حەق و ڕاستی لە ڕووبەڕوو بوونەوەی ناڕەواییدا، ناونیشانێك بوو بۆ خۆڕاگری و ئاڵنگاری.
لەم ساتە دژوارانەدا، یەكێتیی زانایان ئیدانەی توند و سەرەكۆنەی قووڵی ئەم ئۆپەراسیۆنە ترسنۆكە دەكات كە بە تاوانێكی پیس و پێشێل كردنێكی بێ پەردەی تەواوی ڕێككەوتنامە نێودەوڵەتی و عورفە مرۆییەكان دادەنرێت. ئەم دوژمنكارییە ڕووی ڕاستەقینەی دەوڵەتی داگریكار و سیاسەتیی تاوانبارانەی ڕوون دەكاتەوە كە هەردەم سەركردە و سەردارانی گەلان بە ئامانج دەگرێت.
داوا لە سەركردەكانی دەوڵەتە عەرەبییەكان دەكەین دەستبەجێ بجووڵێن و كاری جددی بكەن بۆ ئاگادار كردنەوەی ئەم دوژمنە كینە لە دڵە بە وەڵامی سەربازی و هەموو جۆرە پەیوەندییەك و بازرگانییەكی لەگەڵ بپچڕێنن. هەروەها تاوانباران بدەنە دەستی دادگا نێودەوڵەتییەكان و سزای دەوڵەتی داگیركار بدەن لەسەر ئەم تاوانە ترسنۆكانەی كە دەرهەق بە سەركردە و گەلی فەلەسطین ئەنجامیان دەدات.
یەكێتیی هەڵوێستی عەرەبی و ئیسلامی، پاشان مرۆیی و یەكخستنی هەوڵەكان زۆر گرنگ و پێویستن لەپێناو ڕووبەڕوو بوونەوەی ئەم ئاڵەنگارییە مەترسیدارانە و دەستەبەر كردنی دادپەروەری و تۆڵە سەندنەوە لە سنوور بەزێنان.
داوا لە تەواوی سەركردەكانی جیهان دەكەین، ئیدانەی ئەم تاوانە پیسە بكەن و دەوڵەتی داگیركار بە دەوڵەتێكی تیرۆرست لەقەڵەم بدەن. ئەم ڕەفتارە ترسنۆكانە، وێنەدانەوەی دڕندەیی دەوڵەتی داگیركار و پێشێل كردنی بەردەوامی مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكانە. پێویستە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەستبەجێ بجووڵێت بۆ وەستاندنی ئەم تاوانانە و دادگایی كردنی تاوانباران لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتیدا.
ئەم كردە زۆردارانە، زۆر بە ڕوونی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی دەوڵەتی داگیركار ئاشتیی ناوێت، بەڵكو هەوڵ دەدات لەسەر جەنگ و ستەم و برسی كردنی گەلی فەلەسطین بژی و ئەم جەنگەی ئێستا فراوان و درێژە پێ بدات. سیاسەتی زۆرداری و دوژمنكاری كە دەوڵەتی داگیركار جێبەجێیان دەكات، ئامانجی شێواندنی سەقامگیری و سەپاندنی خۆیەتی لەڕێی هێزەوە.
پەیامێكی ڕوونیش ئاڕاستەی دەوڵەتی داگیركاری ستەمكار دەكەین: تاوانە پیسەكانتان و ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی زۆردارانە لەدژی هێما و نیشانەكانی گەلی فەلەسطینیی خۆڕاگر و بەرگیریكارانیان، گەلی فەلەسطینی خۆڕاگتر و پێداگرتر و تۆڵەستێنتر دەكات بۆ خوێنی سەركردەكانی و ئەو شەهیدانەی لەڕێی خوا و پشتیوانی كردن لە خاك و خانەوادەكانیان گیانیان سپارد.
خوای گەورە سەركردەی شەهید ئیسماعیل هەنیە بەر بەزەیی خۆی بخات و لە بەهەشتی بەرین لەگەڵ پێغەمبەران و ڕاستگۆیان و شەهیدان و چاكەخوازان نیشتەجێی بكات، كە ئەوانەش باشترین هاوەڵن.
إنا لله وإنا إلیه راجعون
دەوحە 25 محرم 1446 ك
بەرامبەر 31 یۆلیۆ 2024 ز
پ.د. عەلی محێدین قەرەداغی
سەرۆكی یەكێتیی جیهانی زانایانی مسوڵمان
د. علی محمد الصلابي
ئەمیداری گشتی
© پەرەی پێدراوە لە لایەن ئالوول ئایتی
سەرنجەکان